به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفرانسێك بۆ باس له‌ سه‌ر بارو دۆخی نه‌ته‌وه‌ و كه‌مایه‌تییه‌كانی ئێران له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان!

هاوكات له‌ گه‌ڵ به‌ڕێوه‌ چوونی ١٠هه‌مین خۆلی كۆڕبه‌ندی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كێشه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كان، كۆنفرانسێك له‌ ژێر ناو نیشانی مافی كه‌مایه‌تییه‌كان له‌ ئێران” له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و ڕێكخراوی مالۆكا ئه‌نترناسیۆنال و به‌ پشتگری ١٦ ڕێكخراوی جیهانی خاوه‌ن پله‌ی ڕاوێژكاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ژنێڤ ڕێك خرا.
له‌و كۆنفرانسه‌دا كه‌ له‌ ڕۆژی دووهه‌می كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ڕێكخرابوو نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئێران؛ عه‌ره‌ب، به‌لووچ، كورد، تورك و توركمه‌ن، هه‌ر وه‌ها نوێنه‌ری توركه‌ قه‌شقاییه‌كانی ئێران به‌شدار بوون. دیاره‌ نه‌ته‌وه‌ی فارس به‌ هۆی بیرۆكه‌ی زاڵ و خۆ به‌ سه‌رده‌ستزانین، نوێنه‌ری خۆیان بۆ ئه‌و كۆنفرانسه‌ نه‌ناردبوو.
له‌ ماوه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا هه‌ر كام له‌و به‌ڕێزانه‌ به‌شدار بوون و به‌ ناوی گه‌ل و كه‌مایه‌تی خۆیان قسه‌یان كرد: 
ئه‌فراسیاب شكۆفته‌، كوردی خۆراسان
حه‌مید عه‌تیه‌ هوور، عه‌ره‌ب
جه‌مشید ئه‌میری، به‌لووچ
ژاله‌ ته‌بریزی، تورك
یۆسێف كۆر، توركمه‌ن
رووحۆڵڵا مورادی، قه‌شقایی.
سه‌ره‌تا هه‌ر كام له‌ به‌شدار بووان گه‌له‌كه‌ی خۆیان ناساند و دواتر باسێكیان له‌ سه‌ر پێشێلكاری مافه‌كانیان پێشكه‌ش كرد. به‌شداربووان له‌ باسه‌كانیاندا پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی حكوومه‌تی ئێران و پشت گۆێ خستنی یاسا و ڕێككه‌وتنه‌ نێۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان به‌ هۆكاری پێشێلكارییه‌كان ناساند و داوای پشتگری نێۆ ده‌وڵه‌تییان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانیان كرد. له‌ كۆتاییدا حازربووانی كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ پرسیار و شیكردنه‌وه‌ به‌شداری باسه‌كه‌ بوون.
پێویسته‌ بگۆترێ كه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ لایه‌ن دوكتور لێۆناردۆ پێرێزی كۆلۆمبیاییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ برا. ناوبراو یه‌كێك له‌ چالاكانی مافه‌كانی مرۆڤی كۆلۆمبیایه‌ و پشتگری له‌ دۆزی كه‌مایه‌تییه‌كان له‌ ئێران و كوردستاندا ده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌ داواكاری گرووپه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كه‌مایه‌تییه‌كانی به‌شدار بووی كۆنفرانسه‌كه‌، ڕاپۆرتێك پێشكه‌ش به‌ سكرتاریه‌تی كۆڕبه‌نده‌كه‌ كرا.

ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

٢/١٢/٢٠١٧