به بۆنه‌ی سێهه‌مین ساڵڕۆژی له سێداره‌دانی پێنج چالاکوانی کورد له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه

سه‌ر له به یانی رۆژی یه كشه‌مه، ڕێکه‌وتی ٠٩/٠٥/٢٠١٠ پێنج لاوی کوردی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه له سێداره دران که ناوه‌کانیان بریتی بوو له شیرین عه له م هولی، فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، فه‌رهاد وه‌کیلی، عه‌لی حه‌یده‌ريان، مه هدی ئیسلامیان.
ئه‌و پێنج که‌سه به تاوانی هاوکاری و ئه‌ندامه‌تی ڕێکخراوێکی سیاسی کورد ده‌ست به سه‌ر کرابوون و دواتر له دادگایه‌کی نایاساییدا و به بێ ئه‌وه‌ی مافی هه‌بوونی پارێزه‌ر و به‌رگری کردن له خۆیان هه‌بێ سزای له سێداره‌درانیان به سه‌ردا سه‌پێنرا. ئه‌و گیراوانه دوای چه‌ند ساڵ مانه‌وه له زیندان و که‌وتنه به‌ر ئه‌شکه‌نجه و ئازارێکی زۆر و سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه نێو نه‌ته‌وه‌یه‌کان بۆ ڕاگیرانی سزای به سه‌ردا سه‌پاویان، له سێداره دران. 
به تێپه‌ڕ بوونی سێ ساڵ له دوای له سێداره‌درانیان هه‌تاکو ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران جێگای به خاک ئه‌سپێردرانی ته‌رمه‌کانیان نیشانی بنه‌ماڵه‌کانیان نه‌داوه.
ئه‌و پێنج که‌سه یه‌که‌مین و دوایین که‌سانێک نه‌بوون که ئه‌و تاوان و سزایه‌یان به سه‌ردا سه‌پێندراوه به‌ڵکو ساڵیانه به سه‌دان چالاکوانی سیاسی و مه‌ده‌نی، رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و به‌رگریکارانی مافه‌کانی مرۆڤ له ئێراندا و به تایبه‌ت له ناوچه کوردنشینه‌کاندا ده‌گیردرێن، تووشی ئازار و ئه‌شکه‌نجه ده‌بن و له سێداره ده‌درێن.
ئێمه سه‌ره ڕای وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و کرداره دژ به مرۆڤانه‌یه‌ داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌که‌ین که؛
·         ده‌ست هه‌ڵگرن له گرتن و ئازاری چالاکوانانی کورد له ئێراندا،
·         جێ به جێکردنی سزای له سێداره‌دان ڕاگرن،
·         ڕێگای به‌رگری کردن له خۆ بۆ گیراو و ده‌ست به سه‌رکراوان بکه‌نه‌وه،
·         ئه‌و که‌سانه‌ی که ته‌نیا له به‌ر هه‌بوونی بیر و ڕایه‌کی جیاواز گیراون ده‌ست به جێ ئازاد که‌ن.

 
ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ
٠٩/٠٥/٢٠١٣