بەڕێوە چوونی کونفرانسيک لە سەر کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ

هاوكات له‌ گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كانی خۆلی بیست و شەشەمی شۆرای مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ شاری ژنێڤ، كۆنفرانسێك بۆ باس كردن له‌ سه‌ر بارو دۆخی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ تایبه‌ت گرووپه نه‌ته‌وه‌یی، ئیتنیکی و ئاینیه‌كانی ئێران، له‌ لایه‌ن هه‌ر دوو ڕێكخراوی ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و ڕێكخراوی مه‌ڕاپ (بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ ڕاسیزم و بۆ دۆستایه‌تی نێوان گه‌لان)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوو!
 
له‌ كونفرانسه‌كه‌دا دوایین بارو دۆخی كه‌مایه‌تیه‌كانی ئازه‌ری، به‌لووچ، توركمه‌ن، كورد، عه‌ره‌ب و كه‌مایه‌تیه‌ ئایینیه‌كانی سوننه‌، ده‌روێشه‌ گونابادیه‌كان، یارسانی و به‌هاییه‌كان كه‌وته‌ به‌ر باس و به‌شداربووان به‌ به‌ڵگه‌ و ئاماره‌وه بارو دۆخی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رز بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی له‌ سێداره‌ دراوان له‌ دوای هاتنه‌ سه‌ر كاری حه‌سه‌ن ڕۆحانی تا به‌ ئه‌مڕۆیان تاو و تۆێ کرد!
 
بەڕیز كه‌ماڵ سیدۆ كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گه‌له‌ هه‌ڕه‌شه‌ لێكراوه‌كانه‌وه‌ به‌شداری كونفرانسه‌كه‌ بوو باسێكی تێر و ته‌سه‌لی له‌ سه‌ر بارو دۆخی كه‌مایه‌تیه‌كانی عه‌ره‌ب، كورد، به‌لووچ و توركمان و ئازه‌ری و كه‌مایه‌تیه‌ ئایینیه‌كان پێشكه‌ش كرد و هێندێك به‌ڵگه‌نامه‌شی پیشاندا.
 
له‌ درێژه‌ی كونفرانسه‌كه‌دا، كه‌ریم عه‌بدیان به‌ نوێنه‌رایه‌تی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ باسێكی تێرو ته‌سه‌لی له‌ سه‌ر بارو دۆخی كه‌مایه‌تی عه‌ره‌بی ئێرانی پێشكه‌ش كرد و وتی سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی ناوچه‌كانیان له‌ باری سه‌رچاوه‌ی ژێر زه‌ویه‌وه‌، خه‌ڵكه‌كه‌  له‌ نه‌داری و هه‌ژاری دا ده‌ژین. ناوبراو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ پیس بوونی ئاوی خورادنی ناوچه‌كه‌یان و پڕۆژه‌ی ڕاگواستنی ئاوی چۆمی كاروون بۆ ناوچه‌كانی نێوه‌ڕاستی ئێران دا و وتی له‌ كاتێكدا خه‌ڵكه‌كه‌ ئاوی خواردنه‌وه‌یان نیه‌ حكوومه‌ت پڕۆژه‌ی ڕاگواستنی سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌یان بۆ ناوچه‌كانی دیكەی ئێران‌ داده‌ڕێژێ!
 
دوكتور گوڵمۆراد مۆرادیش كه‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی زاگرۆسه‌وه‌ قسه‌ی ئه‌كرد باسێكی له‌ سه‌ر قوربانیه‌كانی مین له‌ ئێران و كوردستاندا پێشكه‌ش كرد و دواتریش ئاماژه‌ی به‌ بارو دۆخی یارسانیه‌كان دا و هیوای خواست باوه‌ڕمه‌ندانی ئه‌و ئایینه‌ش بتوانن وه‌ك باوه‌ڕمه‌ندانی ئایینەکانی تر ئازاد بن لە ئەنجامی ڕێ و ڕەسمی ئایینیاندا!
 
بەشداربووانی دیکەش ئاماژەیان بە بارو دۆخی نا لەباری کەمایتیەکان لە ئێراندا دا و هیوای باشتر بوونی مەرجەکانی ژیانیان بۆ خواستن!
 
هەر وەها لە بەشی کوتایی کونفرانسەکەدا لە لایەن ئامادەبووانەوە هێندێک پرسیار و ڕوونکردنەوە ئاراستە کران کە لە لایەن میوانانی کونفراسەکەوە وەڵامی پێویستیان پێ درایەوە!
 

ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
 
١٣/٠٦/٢٠١٤