سمینارێک بۆ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د شه‌هید، نوێنه‌ری تایبه‌تی یۆئێن بۆ دۆسیه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ له ئێراندا

ڕۆژی هه‌ینی ٨ی مارسی ٢٠١٣، له‌ په‌راوێزی بیست و دووه‌مینی خۆلی کۆبونه‌وه‌کانی شۆرای مافه‌کانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و له بنکه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه له ژنێڤ‌، سیمینارێک بۆ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د شه‌هید نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ دۆسیه‌ی مافی مرۆڤ له ئێران سازکرا، که‌ له‌ لایه‌ن (ڕێکخراوی سوودوین) وه‌ رێکخرا بوو. له به‌شی یه‌که‌می سمیناره‌که‌دا چه‌ند باسێک له سه‌ر بار و دۆخی مافه‌کانی مرۆڤ و به تایبه‌ت ژنان سه‌ر به گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێران پێشکه‌ش کرا و له به‌شی دووهه‌می سمیناره‌که‌دا به‌ڕێز ئه‌حمه‌د شه‌هید باسێکی تێر و ته‌سه‌لی له سه‌ر خاڵه‌کانی دووهه‌مین ڕاپۆرتی ئاماده‌کراوی خۆی له سه‌ر بار و دۆخی مافه‌کانی مرۆڤ له ئێراندا پێشکه‌ش کرد. له به‌شی سێهه‌می سمیناره‌که‌دا به‌شدار بووان پرسیاره‌کانی خۆیان ئاراسته‌ی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د شه‌هید کرد و ناوبراویش وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی دایه‌وه.
له لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی ناوه‌ندی زاگرۆس به‌شداربووی سمیناره‌که چه‌ند پرسیارێک ئاراسته‌ی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د شه‌هید کرا و داوای لێکرا که له ئه‌گه‌ری سه‌فه‌ریدا بۆ ئێران حه‌تمه‌ن سه‌ردانی ناوچه کوردنشینه‌کان بکات تا له نیزیکه‌وه له بارو دۆخی مافه‌کانی مرۆڤ له‌و ناوچانه‌دا ئاگادار ببێ. ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌کیانه که ئاراسته‌ی ناوبراو کران بریتی بوون له؛
١ –  بۆچی به‌شێکی که‌م له ڕاپۆرته‌که‌ت بۆ بارو دۆخی مافه‌کانی گه‌لی کورد له ئێراندا ته‌رخانکراوه؟ و ئایا ئاگادر کوژرانی زیاتر له ١٨٢ که‌س له کۆڵبه‌رانی کوردی سه‌ر سنووری ئێران و عێراق له ماوه‌ی ئیمساڵدا هه‌یت؟
٢ –  بۆ چی له ڕاپورتی یه‌که‌م و دووهه‌میشتدا به‌شێکی که‌مت بۆ باسی گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ته‌رخان کردوه؟ ئایا ئاگاداری ئه‌وه هه‌یت که هه‌ر دوێنێ ١٣ چالاک و ڕۆژنامه نووسی کورد له شاره‌کانی پاوه، سنه و مه‌‌هاباد دا گیراون؟
به‌ڕێز ئه‌حمه‌د شه‌هید به‌ڵێنیدا که له ئه‌گه‌ری سه‌فه‌ریدا بۆ ئێران حه‌تمه‌ن سه‌ردانی کوردستان ده‌کا و زیاتر له گه‌ڵ کوردستان ئاشنا ده‌بێ و بارو دۆخی کورده‌کان له نیزیکه‌وه ده‌بینێ. هه‌ر وه‌ها به‌ڵێنیدا که له ڕاپۆرته‌کانی داهاتوودا به‌شێکی زیاتر ته‌رخان بکا بۆ گرووپه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی ئێران و داواشی له ناوه‌ندی زاگرۆس کرد که دۆسیه‌یه‌کی گشتکر و ته‌واوی بۆ حازر که‌ن له سه‌ر بارو دۆخی مرۆڤی کورد له ئێراندا.
له کوتایی کونفرانسه‌که‌شدا له لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی ناوه‌نده‌که‌مانه‌وه لیستێکی ته‌واوی ئه‌و کوردانه‌ی که له لایه‌ن کۆماری ئیسلامیه‌وه له سێداره دراون و ئه‌وانه‌ی که گیراون و له به‌ندیخانه‌دان پێشکه‌ش به ناوبراو کرا.

ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ
٠٩/٠٣/٢٠١٣
ژنێڤ