ئەۆڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٧، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ کونفرانسێک سەبارەت بە گشتپرسی و مافی دیاری کردنی چارەنووسی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.
لەو کۆنفرانسەدا کە لە لایەن ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ و بە هاوکاری ١٣ ڕێکخراوی جیهانی خاوەن پلەی ڕاوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێک خرابوو ژمارەیەک لە نوێنەرایەتی وڵاتان، ڕێکخراوە کانی ئەندام لە شۆرای مافەکانی مرۆڤ، کەسایەتی و ئاکادیمیسیەنی ئۆروپی، ئەمریکی، ئەفریقی و ئاسیایی بەشدار بوون.
کۆنفرانسەکە لە لایەن دوکتور پۆل نیۆمەن کە مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی ڕێکخراوی جیهانی چاودێری مافەکانی مرۆڤی موریتانیە بەڕێوە چوو و ئەو کەسانە بەشدار بوون و بابەتی خۆیان پێشکەش کرد :
– بابان ئەلیاسی : هاوسەرۆکی ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ،
– ئالان هۆمرز گۆرگیس : سکرتێری ئەنجۆمەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای ڕێفراندۆمی هەریمی کوردستانی عێراق،
– دوکتور فەوزی قەدوور : نۆێنەری هەریمی کوردستان لە سویسرا،
– خاتوو ئۆمەیمە عەبدولسەلام: نۆێنەری گەلی سەحرای ڕۆژئاوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان،
– دوکتور لێۆناردۆ پێرێز : مامۆستای گراتوویەت ئێکۆلی ژنێڤی و بەرپرسی ڕێکخراوی مالۆکا ئەنتێرناسیۆنال.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا بەڕێز دوکتور نیۆمەن بە کورتی ئاوڕێکی لە بابەتی گشتپرسی لە کوردستانی عێراق دایەوە و داوای هەر کام لە بەشدار بووان کرد کە بەرچاو ڕوونی زیاتر لەو بارەوە بدەن و هەموو لایەنەکانی شی بکەنەوە.
بە دوای قسەکانی دوکتور نیۆمەن، یەکەم بابەت لە لایەن بەڕێز بابان ئەلیاسییەوە پێشکەش کرا و باسێکی مێژوویی گشتی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو. ناوبراو بە کورتی ئاماژەی بۆ دابەشبوونی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی هەر کام لە پارچەکانی کرد و ویستی گەلی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی داگیرکەر خستە بەر چاو.
دووهەمین کەس کە بابەتی خۆی پيشکەش کرد، بەڕێز هالان هۆرمز گورگیس بوو کە بەڕێزیان ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجۆمەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای گشتپرسی هەریمی کوردستانی عێراقە. بەڕێز هالان بابەتی خۆی بە کورتە باسێکی مێژوویی گەلانی کوردستان لە عێراق دەست پێ کرد و دواتر بە وردی باسی هەموو بە سەرهات و نەهامەتیەکانی ئەو گەلانەی کرد لە سەردەمی حکوومەتی بەعس و سەدام حوسەیندا. ناوبراو دواتر هاتە سەر ڕووداوەکانی دوای ڕووخانی ئەو حکوومەتە و دەسکەوتەکانی گەلی کورد. هەروەها لە بەشێکی قسەکانی دا بەڕێز ئالان ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەیەک لەو سەرکردانەی بەغدا کە ئەۆڕۆ دوژمنایەتی گەلانی کوردستان دەکەن بریتین لەو دژبەرانەی حکوومەتی بەعس کە لە هەولێرەوە سەرکردایەتی بزووتنەوەی دژ بە حکوومەتیان دەکرد. ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و گشتپرسی هەریمی کوردستان، بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستانی عێراقی بە هەموو بەشداربووان ڕاگەیاند و داوای پشتگری هەموو لایەکیانی کرد بۆ پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستانی عێراق.
دوابەدوای ناوبراو، بەڕێز دوکتور فەوزی قەدوور نوێنەری هەریمی کوردستان لە وڵاتی سویسرا، باسێکی لە سەر دامەزرانی حکوومەتی هەریمی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتەکەی پێشکەش کرد و ئاواتی سەرکەوتنی گشتپرسی و پشتگری نێۆ دەوڵەتی بۆ ئەو پرسە خواست.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا خاتوو ئۆمەیمە عەبدولسەلام، نوێنەری گەلی سەحرای ڕۆژئاوا، بابەتێکی لە مەڕ گەلەکەی و ئەو بەڵێنە نێۆ دەوڵەتییانە کە بۆ چارەسەری بابەتە نەتەوەییەکەیان پێشکەش کرد. ناوبراو لە قسەکانی دا ئاماژەی بە بڕیارێکی ئەنجۆمەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە تێدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکدار دەکرێ بۆ بەڕێوە بردنی گشتپرسی سەربەخۆیی ئەو گەلە. بەڕێز ئۆمەیمە وتی کە دوای ٢٦ ساڵ لە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەتاکۆ ئێستا هیچ شانسێک بۆ ئەنجامی گشتپرسی بۆ گەلی سەحراوی بوونی نەبووە و داوای لە گەلی کوردستان کرد بە هیچ جۆرێک پاشەکشە لە داخوازەکانیان بۆ ئەنجامی ڕێفراندۆم نەکەن و تەسلیمی گوشارە دەرەکییەکان نەبن.
وەکو دوایین بەشداربوو، بەڕێز دوکتور لێۆناردۆ پێرێز باسێکی مێژووی سەبارەت بە گەلی کوردستان و یاسا نێۆ دەوڵەتیەکانی دابین کەری مافی چارەنووس، پێشکەش کرد و بە گەڕانەوە بۆ پەیمانی سێڤر، وتی کە گەلی کوردستان هەر لەو پەیماننامەیەوە بەڵێنیی ئەنجامی گشتپرسی پێدراوە. بە گوێرەی ناوبراو سەربەخۆیی کوردستان سەرەڕای هێندێک گرفت، دێتە دی و لە دوای سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە، دەبێ کورد جێگای خۆی لە کۆمەڵگای نێۆدەوڵەتیدا ببینێتەو گارنتی زیاتر و پشتگری زیاتر بۆ سەربەخۆییەکەی دابین کات.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک لە ئامادە بووان پرسیار و ڕاو بۆچوونی خۆیان پێشکەش کرد و وەڵامی پێویست درایەوە.
لە بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا نوێنەری عێراق لە شۆرای مافەکانی مرۆڤ بۆچوونی وڵاتەکەی لە سەر ڕێفراندۆم دەربڕی و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی، ئەنجامی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەریمی کوردستانی عێراق بە نایاسایی دەزانێ. ناو براو بەرگری لە میلیشیای حەشدی شەعبی کرد و وتی کە ئەو چەکدارانە عێراقیان ڕزگار کردوە و میلیشیا نین. دوا بە دوای گوتنی بۆچوون و دەربڕینی هەڵویستەکەی خۆی، ئەو نوێنەرەی عێراق شوێنی کۆنفرانسەکەی بە جێ هێشت.
ئەو هەڵویستەی نوێنەری عێراق ناڕەزایەتی بەشداربووانی لێکەوتەو لە لایەن دوکتور نیۆمەنی بەڕێوەبەری کۆنفرانسەکەوە بە توندی وڵام درایەوە و ئاواتی سەرکەوتنی گشتپرسی سەربەخۆیی هەریمی کوردستانی خواست کە بووەتە هیوا و ئاواتی زۆربەی گەلانی ژێر دەستی دونیا و دیمۆکراتخوازان.
٢٠/٩/٢٠١٧
ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
ژنێڤ / سویسرا
https://www.youtube.com/watch?v=GaXyNSpSqbo
https://www.youtube.com/watch?v=5jbEC0VraxA
https://www.youtube.com/watch?v=szV8R2yuEYk
https://www.youtube.com/watch?v=7PO8dn2mivk
https://www.youtube.com/watch?v=55v0_hz6D3c&feature=youtu.be
https://www.youtube.com/watch?v=LEjPKr4xBZo&feature=youtu.be