گیانی زانیار و لوقمانی مۆرادی له مه‌ترسیدایه

به پێ سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا پێشنوێژی شاری مه‌ریوان و دادستانی ئۆستانی کوردستان سه‌ردانی گرتووخانه‌ی “گه‌وهه‌ر ده‌شتی که‌ره‌ج” یان کردوه و پێشبینی ئه‌وه ده‌کرێ که ئه‌و سه‌ردانه به مه‌به‌ستی جێ به‌جێ کردنی سزای له‌سێداره‌دانی لوقمان و زانیار مورادی بێ.

زانیار و لوقمان مرادی له‌ ڕێکه‌وتی ١٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٠٩ دا له‌ مه‌ریوان به تاوانی تێرۆری کوڕی پێشنوێژی شاری مه‌ریوان گیران و پاش نۆ مانگ له‌ ده‌سبه‌سه‌ری و ئه‌شکه‌نجه‌دانیان له‌ ٢٢ی دێسه‌مبه‌ری٢٠١٠دا‌ و به‌ تۆمه‌تی ‘موحارب’ ((واته‌ دژیاتیکردنی خودا)) له دادگایه‌کی ١٠ خۆله‌کی‌دا (به‌ وته‌ی باوکی ئه‌و دوو به‌ندکراوه) سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

پێشتر داوای پێداچوونه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دانی ئه‌و دوو زیندانیه له‌لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌وه‌ ڕه‌تکرایه‌وه‌ و بڕیاره‌که نێردراوه بۆ جێبه‌جێ کران.

ئەو دوو گیراوە سیاسییە، خۆیان بە بێ تاوان دەزانن و  پێشتر لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، داویان لە ئیمام جومعەی مەریوان کردبوو کە ورەی هەبێت و ڕاستگۆیانە شایەتی لە سەر بێ تاوان بوونیان بدات و ڕێگە بۆ هەڵوەشانەوەی حوکمی ئیعدام و ئازادیان خۆش بکات.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه نێۆخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کان بۆ ڕاگرتنی جێبه‌جێ کرانی سزای سه‌پێندراو به سه‌ر ئه‌و دوو زیندانیه‌دا وێ ده‌چێ که کاربه‌ده‌ستانی ده‌زگای دادی ئێران ده‌یانه‌وێ بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌که‌یان جێبه‌جێ که‌ن.

ئئێمه جارێکی دیکه هه‌موو ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به مافه‌کانی مرۆڤ ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه تا گوشاری زیاتر بخرێته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ  پێشگرتن له جێبه‌جێ کرانی سزای سه‌پێندراو به سه‌ر زانیار و لوقمان مورادی‌دا.

هه‌ر وه‌‌ها داوا له ده‌زگای دادی ڕژیم ده‌که‌ین تا پێداچوونه‌وه به‌ بڕیاره‌که‌یان‌دا بکه‌ن و ڕێگا به‌و دوو گیراوه بده‌ن تا له دادگایه‌کی ئاشکراو به ‌شداری پارێزه‌رانیان به‌رگری له خۆیان بکه‌ن و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بکوژانی ڕاسته‌قینه‌ی کوڕی پێشنوێژی هه‌ینی شاری مه‌ریوان بدرێ.br />

ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ
٥ ی ژانویه‌ی ٢٠١٣
ژنێڤ